رێكخراوێكی نێودەوڵەتی توركیا بە ئەنجامدانی پێشلێكاری تۆمەتبار دەكات

ئەو راپۆرتانەی پێیان گەیشتوون ئاماژە بۆ کوشتنی خەڵکی سیڤیل دەکەن بە دەستی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا

K24 - ھەولێر

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی چاودێری مافی مرۆڤ، تورکیا بە ئەنجامدانی پێشێلکاری لە ناوچە کوردستانییەکان تۆمەتبار دەکات.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، دەڵێت حکوومەتی تورکیا رێگە نادات لێکۆڵینەوەی بێ لایەن ئەنجام بدرێت سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی حکوومەت لە ناوچە کوردییەکان خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە.

رێکخراوەکە، لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، ئەو راپۆرتانەی پێیان گەیشتوون ئاماژە بۆ کوشتنی خەڵکی سیڤیل دەکەن بە دەستی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا، هەروەها خەڵک بە زۆر لە شوێنەکانیان راگوێزراون و ماڵ و حاڵیان وێرانکراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، بەهۆی پـێکدادانەکانەوە 9 شارۆچکە زیانیان پـێگەیشتووە. بە لایەنی کەم 338 کەسی سیڤیلیش کوژراون و زیاتر لە 355 هەزار کەسیش ئاوارەبوونە.