هیندۆراس پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ چین دەستپێدەکات و لەگەڵ تایوان دەیپچڕێنێت

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەردوو وەزیرانی دەرەوەی چین و هیندۆراس - وێنە: AFP
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی هەردوو وەزیرانی دەرەوەی چین و هیندۆراس - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

دوای کۆبوونەوەی چین گانگ، وەزیری دەرەوەی چین و ئیدوارد ئینرکی، هاوتا هیندۆراسییەکەی لە پەکین، میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە کە هەردووڵات لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و ئاشتی هەرێمی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێدەکەن.

لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هیندرۆسدا هاتووە: حکومەتی کۆماری هیندۆراس دان بە بوونی تەنها یەک چین لە جیهاندا دەنێت و حکومەتی کۆماری گەلی چین تاکە حکومەتی شەرعییە کە نوێنەرایەتی هەموو چین دەکات.

ئەم راگەیەندراوەی حکومەتی هیندۆراس پشتگیریکردنێکە لە پرسی یەکگرتنەوەی چین و تایوان، کە دەسەڵاتدارانی چین پێیانوایە دوورگه‌ی تایوان بە یەکێک لە پارێزگاکانی چین دەزانن، تایوانیش بەدوای سەربەخۆیی دا دەگەڕێت، بەڵام پەکین هەمیشە دووپاتی دەکاتەوە کە تایوان بەشێکە لە خاکەکەی.

دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی هیندۆراس لەگەڵ چین، دوای چەند کاتژمێرێک لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی هیندۆراس لەگەڵ تایوان هات و هەردوولاش باڵیۆزخانەکانیان داخست.

هیندۆراس دەکەوێتە ناوەڕاستی کیشوەری ئەمریکا و دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ چین، پێشبینی کاردانەوەی واشنتنی لێدەکرێت.