پەرلەمانی هەنگاریا دەنگ بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەدات

پەرلەمانی هەنگاریا
پەرلەمانی هەنگاریا

K24 - هەولێر:

بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی هەنگاریا کۆببێتەوە و دەنگ بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ بدات، ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردووەتەوە کە پارتی دەسەڵاتدار پشتیوانی بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ دەکات.

بە دەنگدانی پەرلەمانی هەنگاریا بۆ ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ، تەنیا پەرلەمانی تورکیا دەمێنێت کە دەنگ بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ناتۆ بدات و پێشتریش سەرجەم ئەندامانی دیکەی ناتۆ دەنگیان بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ داوە.

رۆژی 24ـی ئەم مانگە، سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، تورکیا بڕیاریداوە پێش هەڵبژاردنی وڵاتەکەی، بەئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانی ناتۆ پەسەند بکات و هەنگاریاش بڕیارە رۆژی دووشەممە (27ـی ئاداری 2023) بەئەندامبوونی وڵاتەکەیان لە ناتۆ پەسەند بکات.

رۆژی 15ـی ئاداری 2022، حکومەتی فینلاند بە فەرمی نیازی خۆی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی ناتۆ راگەیاند.