بە ڤیدیۆ.. کچێك بە چەکەوە هێرش دەکاتە سەر قوتابخانەیەکی ناشڤیڵ و شەش کەس دەکوژێت

وێنەی تەقەکەرەکە
وێنەی تەقەکەرەکە

K24 - واشنتن:

لە رووداوێکی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکی شاری ناشڤیلی ئەمەریکا شەش کەس کوژران، کە سێ کەسیان قوتابی بوون.

پۆلیسی ناشڤیڵ رایگەیاند، کەسێکی چەکدار تەقەی لە قوتابخانەی کۆڤێنانت، کە قوتابخانەیەکی تایبەتی کریستیانەکانە لە ویلایەتی تێنسی کرد و بەهۆیەوە سێ منداڵی تەمەن نۆ ساڵ و بەڕێوەبەر و مامۆستا و کارمەندێکی قوتابخانەکە کوژراون.

پۆلیس ئاشکراشیکردووە، دوای رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس، تەقەکەرەکە، کە کچێکی گەنج بووە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە.

تەقەکەرەکە ناوی (ئۆدری ئیلیزابێس هەیڵ)ـە و پێشتر قوتابی ئەو قوتابخانەیە بووە.

قوتابخانەی کۆڤێنانت قوتابخانەیەکی تایبەتی سەربە کڵێسای کۆنڤێنانتە و لە ساڵی 2001 دروستکراوە و نزیکەی 200 قوتابی هەیە.

شاری ناشڤیل بەهۆی ئەوەی گەورەترین رەوەندی کوردی لێ نیشتەجێیە کە ژمارەیان لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار کەس دەبێت بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە، بەپێی زانیارییەکان هیچ یەکێک لە قوربانییەکان کورد نین.

تەعبیر سندی، سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردانی ناشڤیل بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو شوێنەی هێرشەکەی لێ ئەنجامدراوە دوورە لە شوێنی نیشتەجبوونی کوردەکان و لەنێو قوربانییەکان خەڵکی کوردی تێدا نییە.

ساڵانە لە ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر رووداوی تەقەکردن روودەدەن کە زۆرینەیان لە شوێنە قەرەباڵخ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا روودەدەن و، بەهۆیەوە دەیان کەس گیان لەدەستدەدەن.