وەزارەتی بازرگانی: سەرجەم گەنمی ئەمساڵی جووتیاران وەردەگیرێت

وه‌زاره‌تی بازرگانی: داوا لە سەرجەم جووتیاران دەکەین، لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران - هەولێر
پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران - هەولێر

K24 - هەولێر:

ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئاستی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان زیاترە، ئەمەش بووەتە مایەی دڵخۆشی جووتیاران، کە پێشبینی دەکرێت بەروبوومی دەغڵودانی ئەمساڵیان زۆرتربێ.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریداوە سەرجەم بەروبوومی ئەمساڵی جووتیاران وەربگرێت، لەمبارەیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی رایگەیاند: ئەمساڵ هەموو گەنمی جووتیاران وەردەگرین، بۆیە داوا لە سەرجەم جووتیاران دەکەین، لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە کە بەدڵنیاییەوە هەموویان وەردەگرین.

بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی گوتیشی: "پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەکەوێتە کۆتاییەکانی مانگی ئایار و بۆ هەر تۆنێکیش بڕی 850 هەزار دینار دیاریکراوە، لە کاتێکدا گەنم لە جیهان هەرزان بووە و جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لەم پارەیە وەربگرن".

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە و چاوەڕوان دەکرێت سوودێکی زۆری بۆ بەرووبوومی دانەوێڵە و کشتوکاڵ هەبێ و ببێتە هاندەر بۆ جووتیاران بۆ ئەوەی زەوییەکانیان بەکار بهێنن و بەرهەمی جۆراوجۆر بچێنن.