خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دژی یاسای نوێی خانەنشینی توندوتیژی لێکەوتەوە

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا
خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا

K24 – هەولێر:

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا دژی یاسای نوێی خانەنشینی لە ژمارەیەک شار و ناوچەی ئەو وڵاتە پێی ناوەتە رۆژی دەیەم و تا دێ ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر دەبن و هێزە ئەمنییەکانیش هۆشداری دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە (28ـی ئادار/ مارسی 2023) خۆپیشاندانەکان بە بەشداری هەزاران کەس لە پاریسی پایتەخت و شارە سەرەکییەکان لەناویشیاندا مارسیلیا، نانت و لیۆن بەڕێوەچوون. هاوکات هەواڵگری فەرەنسا پێشبینی کردبوو هەر ئەمڕۆ خۆپیشاندانەکان بە بەشداری 650 – 900 هەزار کەس هەموو فەرەنسا بگرێتەوە، بەشێوەیەک بەتەنیا لە پاریس نزیکەی 100 هەزار کەس بڕژێنە سەر شەقامەکان.

لەلایەن خۆیەوە، گیڕاڵد دارمانان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان 13 هەزار پۆلیس لە هەموو فەرەنسا بڵاوەیان پێکراوە، کە پێشینەی لەم شێوەیەی نەبووە.

خۆپیشاندەران لە پاریس بەرلەوەی بگەنە گۆڕەپانی "نیشتمان" لەگەڵ پۆلیس بەریەک کەوتن و پۆلیس لە بەرامبەردا گازی فرمێسکرێژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکارهێنا.