سەرۆککۆماری عێراق داوا دەکات ئەنجوومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز
K24 - هەولێر:
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەران کرد پەلە بکات لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز و رایگەیاند، بە پەسەندکردنی یاساکە، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر دەبن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەتیف رەشید لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری عێراق داوای کردووە، پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک کە زامنی ئەوە بکات عێراقییەکان بە یەکسانی و دادپەروەریی سوودمەندبن لە سامانی نیشتمانیی و رایگەیاندووە کە پەسەندکردنی یاساکە گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆککۆماری عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە پاڵپشتی لە پیشەسازی نەوت بکرێت، بەتایبەتی لە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتەکانی پیشەسازیی گاز و پاڵاوتنی نەوت، ھەروەھا چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی کە رووبەڕووی دەبنەوە.
ھەروەھا سەرۆککۆماری عێراق دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە، پلانی باش بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە ئامانجی پەرەپێدان و باشترکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە وڵاتدا دابنرێت، ھەروەھا کار بکرێت بە ئامانجی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ سوود وەرگرتن لە سامانی نەوت و گاز.