پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

K24 -  هەولێر: 

پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی وڵاتی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد و سەرۆکی فینلاندیش پێشوازی لەو بڕیارە دەکات.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی ئادار/مارسی 2023) پەرلەمانی تورکیا لەبارەی دۆسیەی بەئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کۆبووە و پاڵپشت بە راپۆرتی لیژنەی دەرەوەش، پەرلەمانی تورکیا ئەندامێتی ئەو وڵاتەی لە ناتۆ پەسەند کرد.

پێشتر لە 23ـی ئەم مانگە، لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بەو پرسە، بە ئەندامبوونی فینلاندی لە ناتۆ پەسەند کرد.

لەلایەکی دیکەوە، ساوڵی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند پێشوازی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد و رایگەیاند، ئێستا هەموو ئەندامانی ناتۆ، بڕیاری ئەندامێتی وڵاتەکەیانی لەو هاوپەیمانییەتە پەسەندکردووە.

هەروەها رۆژی (27ـی ئادار/مارسی 2023) پەرلەمانی هەنگاریاش ئەندامێتی فینلاندی لە هاوپەیمانەتی ناتۆ پەسەندکرد و تورکیاش بووە دوا وڵاتی ئەندامی ناتۆ ئەو بڕیارە لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پەسەند بکات.