ئۆکرانیا: سوپای رووسیا شەوی رابردوو هێرشی کردووەتە سەر شەش ناوچەی نیشتەجێبوون

K24 - هەولێر:

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانی رووسیا هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ناوچەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی چەرنیهۆڤ، سومی، خارکێڤ، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن.

لەوبارەیەشەوە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە سوپای رووسیا چوار هێرشی ئاسمانی و 11 هێرشی موشەکیی ئەنجامداوە و لەڕێی سیسیمی مووشەکی فرەهاوێژەوە 43 جار هێرشیان ئەنجامداوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "رووسیا بەردەوامە لە تاکتیکی تیرۆر دژی هاووڵاتییانی مەدەنی. دوژمن لە شەودا بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی 'S-300' نۆ مووشەکی ئاراستەی ژێرخانی مەدەنی شاری خارکێڤ کردووە".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆی 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیا، نۆیان خراونەتەخوار.

ئاماژە بەوەش دراوە کە تا ئێستا شارەکانی بیلۆگۆریڤکا، باخموت، ئاڤدیڤکا و مارینکا، ناوەندی پێکدادانەکانن و هێزەکانی رووسیاش لە 24 کاتژمێری رابردوودا هێرشەکانیان بۆسەر شارەکانی چەرنیهۆڤ، سومی، خارکێڤ، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن، بەردەوامبووە.

پارێزگاری خارکێڤ، ئۆلێگ سینەگوبۆڤ، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە شەودا نۆ موشەک ئاراستەی شاری خارکێڤ کراوە و بەهۆی هێرشەکانەوە ژێرخانی شارەکە زیانی بەرکەوتووە و سێ کەسیش بەسووکی بریندار بوون".

بەهەمان شێوە ناوەندی راگەیاندنی پارێزگای زاپۆریجیا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە هێزەکانی رووسیا لە هێرشەکانیاندا بۆسەر ناوچەکە زیانیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی گەیاندووە و لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "دوژمن، بە موشەکی فرەهاوێژ چەندین جار هێرشی یەک لە دوای یەکی کردووەتە سەر ناوەندی زاپۆریجیا و دەوروبەری".

باس لەوەش کراوە کە هێرشەکان زیانیان بە ژێرخانی شارەکە گەیاندووە بەڵام کوژراو و برینداری لێنەکەوتووەتەوە.