سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندن لە هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە دەکات.

ئەمڕۆ هەینی (31ـی ئادار/مارسی 2023)، سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان پەیامێک ئاراستەی سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان دەکات.

لە پەیامەکەدا هاتووە، "گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم".

دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان

بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان

بەبۆنەی 31ی ئادار ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعیی عێراق و حزبی شیوعیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانتان دەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

حزبی شیوعیی، حزبێكی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ و خاوەن مێژوو و قوربانیدانێكی زۆرە و جێدەستیان لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی گەلانی عێراق و گەلی كوردستاندا دیارە. جێگەی پێزانینە كە شیوعییەكان هەمیشە بڕوایان بە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان هەبووە و لە زۆر قۆناغدا پشتیوان و هاوسەنگەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوونە.

لە یادی دامەزراندنی هەردوو حزبی شیوعیی کوردستان و عێراقدا هیوای بەردەوامی و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم لە خەبات و تێكۆشانتاندا.

مسعود بارزانی
31ی ئاداری 2023