"ئەمەریکا بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات"

K24 - هەولێر

پێنتاگۆن ئاشکرای کرد، ئەمەریکا بنکە سەربازییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر کرد، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا.

ئاژانسی هەواڵی CNN  لە زاری کۆلۆنێل ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پنتاگۆنەوە) رایگەیاندووە: "کاتی بڵاوکردنەوەی فەوجێکی فڕۆکەی هێرشبەری A-10 بۆ ناوچەکە خێراتر بووە، دوای هێرشەکانی سووریا".

گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەشداوە "واشنتن ئامادەیە وەڵامی کۆمەڵێک هێرشی لەناکاو بداتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر پێویست بێت".

بەپێی هەمان سەرچاوە، واشنتن بڕیاریدا گرووپێکی فڕۆکە هەڵگر لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی ناو فەرماندەیی ناوەندی کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە.

ڤێنتورا، راشیگەیاندووە "فڕۆکە هەڵگری (جۆرج ئێچ دبلیو بوش)ی هێرشبەر لە دەریای ناوەڕاست لەژێر فەرماندەیی ئەوروپی- ئەمەریکادا دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئەگەری پلان و ئۆپەراسیۆنی نائاساییدا پاڵپشتی هێزەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

جگە لە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکە، گرووپەکە بریتین لە کەشتیی کروزەری موشەکی رێنماییکراوی USS   USS  Delbert D. Black  تێکدەر و کەشتی پشتیوانی USNS Arctic.

رۆژی هەینی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکاوە رایگەیاند، ئەمەریکا بڕیاری درێژکردنەوەی ئەرکی کەشتی فڕۆکەهەڵگری جۆرج ئێچ دبلیو بوش و گرووپی کەشتییە یاوەرییەکانی دا بۆ دابینکردنی بژاردە لەژێر دەستی داڕێژەرانی سیاسەت، ئەمەش دوای هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا دێت لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئێران لە سووریا.