ئازاد تۆفیق: قەوارەی هەرێمی کوردستان کارتۆنی نییە 

K24 - هەولێر:

پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، دەبێت بەهۆی ئەو گەندەڵی و ناشەفافییەتەی لە وڵاتەکە هەیە، بە عێراق بگوترێت "وڵاتی کارتۆنی" نەک هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ شەممە 1ـی نیسانی 2023، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ستەمێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەن، کاتێک بە "وڵاتێکی کارتۆنی" ناوی دەبەن، چونکە وەکو خۆی دەڵێت، بارۆدۆخی سیاسی و ئەمنی چەندین وڵاتی ناوچەکە، لە هی هەرێمی کوردستان خراپترە، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا باسیان لێوە ناکەن.

ئازاد تۆفیق گوتی: لە سعوودییە پار رێژەی نەوت فروشتن 327 ملیار دۆلار بووە و رێژەی هەژاریش 20٪ـە. بۆ دەوڵەتەکانی رۆژئاوا نایەن بڵێن، بۆ رێژەی هەژاری لەو وڵاتە هێندە بەرزە، بۆ داهات شەفاف نییە؟

بەگوتەی ئازاد تۆفیق، سعوودییە وڵاتێکە "خۆی بە کوڕی مودەللی ئەمەریکا و رۆژئاوا دەزانێت"، حزبی سیاسی، دیموکراسی، ئازادی تاک، ویژدان، یەکسانی ژن و پیاو و مافی مرۆڤ لێی نییە و "تەنها دوو ساڵە ژن دەتوانێت ئۆتۆمبێل لێبخوڕێت، خێرە بۆ کەس باسی ئەو وڵاتە ناکات".

پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: رۆژانە حکومەتی ئێستای عێراق زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و رێژەی هەژاریی 25%ــە و دوو ملیۆن ئافرەتی بێوەژن لەم وڵاتە بوونیان هەیە و بێجگە لە مووچە هیچی دیکە نییە. بۆ کەس باسی ئەم وڵاتە  ناکات؟