واشنتن: رووسیا و کۆریای باکوور رێککەوتنی چەک بەرامبەر بە خۆراک دەکەن

K24 - هەولێر

راوێژکاری پەیوەندییە ستراتیژییەکان رایگەیاند، ئەمەریکا بەڵگەی لەبەردەستدایە کە رووسیا بەدوای هاوردەکردنی چەکە لە کۆریای باکوورەوە، بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت.

جۆن کێربی، راوێژکاری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا ئاشکرایکرد، ئەمریکا بەڵگەی لەبەردەستدایە کە رووسیا بەدوای هاوردەکردنی چەکە لە کۆریای باکوور، ئەمەش بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیادا بەکاری بهێنێت، لە بەرامبەریشدا پیۆنگ یانگ ئەو خۆراک و کاڵا جۆراوجۆرانەی پێویستی پێیەتی بەدەستبهێنێت.

گوتیشی: لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، رووسیا زیاتر لە 20 جۆر چەک و تەقەمەنی لە پیۆنگ یانگەوە وەردەگرێت، لەبەرامبەریشدا شاندێک بنێرێت بۆ کۆریای باکوور بۆ رێککەوتنی خۆراک بەرامبەر بە چەک.

هاوکات لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەو زانیارییە نوێیانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر هاووڵاتییەکی سلۆڤاکیا بە ناوی "ئاشۆت مکریچێڤ" دا سەپاند، چونکە هەوڵیداوە ئاسانکاری بۆ رێکەوتنی چەک بەرامبەر بە خۆراک لە نێوان رووسیا و کۆریای باکووردا بکات.

لەلایەکیترەوە، کێربی روونیکردەوە، "واشنتن هیچ بەڵگەیەکی نییە کە مکریچێڤی تەمەن 56 ساڵ دەستی هەبووبێت لە گواستنەوەی چەک بۆ رووسیا، بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا دەڵێت: لە کۆتایی ساڵی 2022 تا سەرەتای ساڵی 2023، مکریچێڤ لەگەڵ بەرپرسانی کۆریای باکوور کاری کردووە بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 20 جۆر چەک و تەقەمەنی بۆ رووسیا، لە بەرامبەردا ناردنی فڕۆکەی بازرگانی و کەرەستەی خاو و کاڵا بۆ کۆریای باکوور دەنێرێت"

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەم سزایانە بە "پەیامێکی روون وەسف دەکات کە ئەمەریکا درێغی ناکات لە کردنە ئامانجی ئەو کەسانەی کە پشتیوانی لە دەستدرێژی رووسیا دژی ئۆکرانیا دەکەن".