وەزارەتی تەندروستی: دەرمانخانەی سەروەران بەهۆی هەرزان فرۆشییەوە دانەخراوە

هونەر شێروانی، بەرپرسی پشکنینی دامەزراوە ناحکومیەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هونەر شێروانی، بەرپرسی پشکنینی دامەزراوە ناحکومیەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەرمانخانەی سەروەران بەهۆی هەرزان فرۆشتنی دەرمانەوە دانەخراوە، بەڵکوو بەهۆی فرۆشتنتی دەرمانی ماوەبەسەرچوویەو لەلایەن تیمەکانیانەوە داخراوە.

ئەمڕۆ شەممە (1ـی نیسانی 2023)، هونەر شێروانی، بەرپرسی پشکنینی دامەزراوە ناحکومیەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی لەسەر هەرزان فرۆشتنی دەرمان، هیچ دەرمانخانە و دامودەزگایەکی ئەهلی سزا نەداوە و نەیداوەتە دادگا، "ئەم قسانە پرۆپاگەندەی ئەو لایەنانەن کە لەلایەن تیماکانی وەزارەتەوە سزا دراون و دەیانەوێت خۆیان لە سەرپێچییەکانی وەزارەتی تەندروستی بدۆزنەوە."

هونەر شێروانی دەڵێت: دەرمانخانەی سەروەران بەشێوەیەکی هەرزان دەرمانی نەفرۆشتووە، بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستماندان لەماوەی رابردوودا، لە ساڵانی 2021 و 2022ـش دەرمانخانەکە لەلایەن لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ و تیمەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستییەوە بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی ماوە بەسەرچوو و قاچاخەوە سزادراوە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، دەرمانخانەکە ژمارەیەک دەرمانی فرۆشتووە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بوو هاووڵاتییان دابیندەکران، لە کاتێکدا کڕین و فرۆشتن بەو جۆرە دەرمانانە بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بووە.

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "دەرمانی قاچاغ و تەزویر نەک دەبێت بە هەرزان بفرۆشرێت و بدرێتە هاووڵاتی، بەڵکوو دەبێت دەستی بەسەردابگیرێت و خاوەنەکە و ڕێڕەوی هاتنەکەشی دەستبەسەر بکرێت."

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: تەنها لە یەکێک لە بابەتەکانی دەرمان بە بڕی 4٫500 چوار هەزار و پێنج سەد پاکەتی قاچاغ و تەقلید (تەزویر) دەستی بەسەرداگیراوە، جگە لە چەندین جۆر وبڕی گەورەی دیکەی دەرمانی دزیاری حکومی لە عێراق کە پێویستە بەخۆڕایی لە نەخۆشخانەکان بدرێت کەچی دەهێنرێت و دەفڕۆشرێتەوە بە هاووڵاتییان.

شەوی رابردووسەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند، لە دەرمانخانەی سەروەراندا، سەرەداوی دابەشکردن و فرۆشتنی دەرمانی قاچاغ و ساختەیان دۆزیوەتەوە، کە لە رێگەی کۆمپانیایەکی وەهمیەوە دەکرێت و کۆمپانیاکە هیچ بنەما و پەڕاوێکی فەرمی نییە.

دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە (30ـی ئادار/مارسی 2023) بە بڕیاری دادگا لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی، دەرمانخانەی سەرەوەران لە شاری هەولێر داخرا، وەزارەتی تەندروستی بۆ رای گشتی چەند بەڵگەیەک ئاشکرا دەکات، کە دەستی بەسەرداگیراوە وەک دۆزینەوەی سەرەداوی دابەشکردن و فڕۆشتنی دەرمانی قاچاغ و تەزویر لە رێگەی کۆمپانیایەکی وەهمی کە هیچ بنەما و پەڕاوێکی فەرمی نییە، ئاشکراکرد.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرچاوەی هێنان و کۆکردنەوەی دەرمانی قاچاغ لە هەموو عێراق و پێدانی بە هاووڵاتییان لە رێگەی دەرمانخانەکانی سەروەرانەوە لە شاری هەولێر ئەنجامدراوە.

هەروەها باسی لەوەشکرد، دەرمانی حکومی کە لەسەری نووسراوە بۆ فرۆشتن نییە، بەشێوەی قاچاغ لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە، هێندراوەتە هەولێر و لە رێگەی ئەو دەرمانخانانەوە ساغ کراوەتەوە.

بۆ بینینی ڤیدیۆی بەڵگەکان کلیک لێرە بکە.