ئاوارەکانی 16ــی ئۆکتۆبەر پێشوازی لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان دەکەن
K24 – هەولێر:
ئاوارەکانی 16ــی ئۆکتۆبەر دەیانەوێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەنە دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەیان بۆ شاری کەرکووک، کە بەگوتەی خۆیان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین، بەڵام نایگۆڕنەوە بە ژیانی ژێردەستەیی.
ئەمڕۆ شەممە (1ـی نیسان/ ئێپرێڵی 2023)، یەشار جەبار، ئاوارەی روداوەکانی 16ــی ئۆکتۆبەر بە کوردستان24ـــی راگەیاند، ژیانی ئاوارەییان زۆر ناخۆشە، دەیانەوێت بگەڕێنەوە شاری کەرکووک، ئهگەر بۆیان بڕەخسێت باشترە لە کەرکووک بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام ئەگەر بارودۆخی ئەمنی رێگربێت، دەیانەوێت لەشاری هەولێر سندوقیان بۆدابندرێت و بەشداری دەنگدانەکە بکەن.
ئاوارەکانی شاری کەرکووک لەناو پڕۆژەی تەواونەکراوی دەشتی بەهەشت لە شاری هەولێر ژیان بهسهر دهبهن، هەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرگایەکی بۆ کەروکووکیەکان کردووهتهوه، بۆ ئەم مەبەستەش کاوە فەتحوڵڵا ئاوارەی 16ـــی ئۆکتۆبەر، بۆ کوردساتان24 گوتی:"ئەوەی گرنگە دانپێنانی یاساکەیە، بەتایبەت کە خەڵکانێک دوای خیانەتەکەی 16ـــی ئۆکتۆبەر لەو شارە دەرچوونە، لەرێگهی دیموکراسییەوە دەمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شاری کەرکووک و جلی دەستووری بوون بەسەر شارەکەدا ببپۆشین".
بەپێێ هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئاوارەکانی 16ــــی ئۆکتۆبەر دەتوانن لەدەرەوەی شاری کەرکووک دەنگ بدەن، ئەمەش بەهەنگاوێک دەزانن و تا لەرێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە دەست بە ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووکی دوای روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بکەن.