کار بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور دەکرێت

K24 - سلێمانی

لیژنەى دیاریکردنى بەرووبوومى ئاژەڵ و پەلەوەر لە پارێزگاى سلێمانى، بۆ رێگریکردن لە زیاتر بەرزبوونەوەى نرخى گۆشتى سوور چەند بڕیارێکى دەرکرد، کە گرنگترینیان رێگرى کردنە لە چوونى ئاژەڵى زیندوو بۆ پارێزگاکانى ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

دانا واحید، یەکێکە لە ئاژەڵفرۆشانی سنووری سلێمانی و دەڵێت: "ئەو کاتەى ئەو بڕیارە نرخی ئاژەڵ بەرزتر بوو، بڕیارەکە کاریگەری هەبوو بۆ دابەزاندنی نرخی ئاژەڵ، چاوەڕێ دەکرێت زیاتر داببەزێت".

دەشڵێت: "ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت و ئاژەڵ بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەڕوات نرخەکەی زیاتر دادەبەزێت".

بۆ رێگرى لە زیاتر بەرزبوونەوەى نرخى ئاژەڵى زیندوو لە سلێمانى رێکارى جۆرارو جۆر گیراوەتە بەر، لە رێگەى ئاسایشى ئابوورییەوە چاودێرى بازگەکان دەکرێت لە رۆیشتنى ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا کارئاسانى بۆ هاوردەکردنى ئاژەڵ دەکرێت و بڕیاریش دراوە پێداچوونە بە نرخى ئالیکى ئاژەڵدا بکرێت.

سۆران غەفوور، بەرێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى بە کوردستان24ی گوت: "رێگەدرا بە هێنانى ئاژەڵ، هەموو جۆرە ئاژەڵەکان بە هەموو شوێنەکان بە مەبەستى ئەوەى نرخی زیاتر بەرز نەبێتەوە و گۆشت گران نەبێت، لەبەر ئەوەى ئەو ئەو رێکارانە نەبێت لەوانەیە یەک کیلۆ گۆشتى بەرخ ببێت بە 25 هەزار دینار.