وەزارەتی نەوتی عێراق روونکردنەوە لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدات

وەزارەتی نەوتی عێراق
وەزارەتی نەوتی عێراق

K24 -  هەولێر:

لە روونکردنەوەیەکدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەنە رێککەوتن و سووربوونی حکومەتی فیدراڵیشی لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "حکومەتی عێراق سوورە لەسەر پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی جەیهانی تورکییەوە و کارکردن لەسەر نزیکردنەوەی تێڕوانینەکان لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی".

لە روونکردنەوەکەدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا جەخت لەسەر هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە رێککەوتن کراوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دوایین بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، دواتریش لەبارەی پرسە تەنکنیکییە هەڵپەسێدراوەکانی نێوان هەردوولا گفتوگۆ دەکەن.

هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق گرنگی ئەو هەنگاوەشی دووپاتکردووەتەوە لەپێناو دابینکردنی بودجەی گشتی وەک پێشتر هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لەسەری رێککەوتوون بۆ ئەو بڕەی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تەرخانکراوە، کە ئەمەش لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان شاندەکانی هەردوولا باسی لێوەکراوە.

لە بەشێکی دیکەی روونکردەوەکەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق هیوای خواستووە، "لەژێر رۆشنایی ئەو کەشە ئەرێنی و لەیەکتێگەیشتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە، لە زووترین کاتدا بگەنە رێککەوتن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان".

وەزارەتی نەوتی عێراق روونیکردووەتەوە، لەکاتی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بنەمای ئەو لەیەکگەیشتنە نوێیانەی هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوە لەکاتی خۆیدا رایدەگەیەنن.