رێژەی هەژاری لە بەغدا لە بەرزبوونەوەدایە

بەغدا
بەغدا

K24 – بەغدا:

بەشێک هاووڵاتییانی بەغدا لە بارودۆخی گوزەرانی ژیانیان نیگەرانن و بەگوێرەی ئامارەکانیش رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی هەژاری لە شارەکەیان روو لە زیادبوونە و بۆ مەبەستی دەستکەوتنی پێداویستیەکانی ژیانیان بەهەرزانترین نرخ، روو لە بازاڕی کۆنە فرۆشی مەیدان دەکەن.

لەناو بازاری جەنجاڵی مەیدان لە بەغدا، دایکی یاسر، ئافرەتێکی بەساڵاچووە کە لەپێناو  پەیداکردنی بژێوی ژیانی رۆژانەی کاردەکات، بەکوردستان24ـــی راگەیاند، دەبێت 200 هەزار کرێی خانوو بدەم، خۆم 120 هەزار دینار مووچەکەمە، هەروەها 300 هەزار دیناریش قەرزدارم، چۆن بتوانم جلوبەرگ و پێداویستی بکڕم و بازاڕی بکەم، تەنانەت ئامێری بەفرگر و تەباخ لەماڵەکەمدا نییە، حکومەتیش بەهیچ شێوەیەک ئاوڕمان لێناداتەوە. دەشڵێت: "ئەگەر حکومەت هەبووایە ئاوامان بەسەر نەدەهات".

سەرۆک وەزیرانی عێراق چەندین پلانی راگەیاندووە، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری و کارئاسانی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە هەژارنشینەکان، ئەم پلانانەش لە روکەشدا نابیندرێن و ئەیسەر مەلوح، شارەزای ئابووری دەڵێت: "بەهۆی گەندەڵییەوە بڕیارەکانی حکومەت جێبەجێناکرێت، تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش ناتوانێت رێگری لە گەندەڵی بکات".

هەروەها ئەو شارەزایەی ئابووری باس لەوەشدەکات، دەبێت شۆڕش دژی گەندەڵکاران ئەنجامبدرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بەڵێندەرەکان بەنهێنی پارە بە فەرمانگەکانی دەوڵەت و لایەنەکانی دیکە دەدەن، بۆ ئەوەی کارئاسانییان بۆبکرێت.