ئۆپێک پڵەس 1.65 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە کەمدەکاتەوە

رووسیا و سعودیە هەریەکەیان رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکەنەوە
ئۆپێک
ئۆپێک

K24 – هەولێر:

بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی رێکخراوی ئۆپێک پڵەس بڕیاریاندا بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 1.65 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.

هەر ئەمڕۆ (2ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 211 هەزار بەرمیل نەوتی لە سەرەتای مانگی ئایارەوە راگەیاند، لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەش، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم هەنگاوە لەپێناو پاراستنی هاوسەنگی بازاڕی نەوتی جیهانییە.

لەلایەن خۆیەوە، سعوودیە کە بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی نەوتی ئۆپێک پڵەسە رایگەیاندووە، بەشێوەیەکی خۆویستانە رۆژانە بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل نەوتی کەمکردووەتەوە و بڕیارەکەیان لە سەرەتای مانگی پێنجەوە تاوەکو کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، لە راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی سعوودیەدا باس لەوە کراوە کە ئەم بڕیارە بە هاوبەشی بووە لەگەڵ بەشێک لە بەرهەمهێنەرەکانی دیکەی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی سعوودیە ئەوەی راگەیەندووە کە ئەم کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانە پێشتر لە سەرەتای مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەی خولی سێیەمی رێکخراوەکە  گفتوگۆ و رێککەوتنی لەسەر کرابوو.

هەروەها رێکخراوی ئۆپێک پلەس رایگەیاندووە ئەم هەنگاوە رێکارێکی خۆپارێزییە و ئامانج لێی پاڵپشتی سەقامگیریی بازاڕەکانی نەوتە.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ رووسیا بڕیاری کەمکردنەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەرکرد و راگەیەندراوێکی لە رێگەی جێگری سەرۆکی وەزیران ئەلیکساندەر نۆڤاکەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە مانگی داهاتووەوە دەست پێدەکات تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر بڕیاریان وابووە لە مانگی تەمموزی داهاتوو کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان رابگەیەنن بەڵام واپێویستی کردووە کەمکردنەوەکە بۆ مانگی ئایار پێش بخەن.

هەروەها لە هەریەکە لە ئیمارات،  کوەیت، عومان، جەزائیر و کازاخستان هەمان بڕیاریان سەبارەت بە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنان داوە.

ئەم راگەیاندنانەی لە کاتێکدایە کە وا بڕیارە سبەی دووشەممە ئۆپێک پلەس لە ڤییەننا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات، و ماوەی نزیکەی مانگێکیشە بەهۆی قەیرانی قەیرانی بانکەکان، نرخی بەرمیلێک نەوت لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ نزمترین ئاستی 15 مانگی رابردوو دابەزاند بۆ نزیکەی 70 دۆلار هەر ئەمەش هۆکاری ئەم بڕیارە نوێیەی ئۆپێکن، لەکاتێکدا راپۆرتی مانگی ئاداری ئۆپێک پێشبینی کردبوو ئەمساڵ خواستی چین لەسەر نەوت بەڕێژەی 710 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادبکات.

لەلایەکی دیکەوە پێشبینییەکانی رێکخراوەکە بەو شێوەیە کە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمەریکا لە ساڵی 2022 بەڕێژەی یەک ملیۆن و 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاددەکات، لەکاتێکدا لە رووسیا بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 750 هەزار بەرمیل کەمیکردووە.

0