ئالان حەمەسەعید: لیستی مامۆستایانی وانەبێژمان گەیاندە سەرۆکوەزیرانی عێراق

کۆبوونەوەی ئالان حەمەسەعید لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئالان حەمەسەعید لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیستی ناوی مامۆستایانی وانەبێژی پێ گەیاندووە بە مەبەستی دابینکردنی تەرخانی دارایی و داوای پشکی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان عێراق و چین.

ڕۆژی سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) لە بەغدا، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی فیدراڵ، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە کردووە: لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆیان کردووە.

ئالان حەمەسەعید ڕایگەیاندووە: لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیاندووە، لەبارەی تەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ و ڕوونی کردووەتەوە: "وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان جێبەجي کردووە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمیی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین".

هەروەها وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە ڕێککەوتنی عێراق - چین کە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی هەرێم نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەر لە نوێ نووسراوێکی دیکەمان پێشکەشیان کرد بە مەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، ئالان حەمەسەعید باسی لەوە کردووە: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابییانی ئەو قوتابخانانە".