رووسیا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

رووسیا بۆ ماوەی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپاش وەک درۆی نیسان ناوزەدی دەکات.

رۆژی شەممە (1ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) رووسیا بۆ ماوەی مانگێک و تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرت، هاوکات لەلایەن ئۆکرانیاوە ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە.

لەلای خۆیەوە جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا سەبارەت بە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە لە توویتێکدا رایگەیاندووە، رووبەڕووی هەر پێشێلکارییەک دەبینەوە کە لەلایەن رووسیاوە ئەنجام بدرێت لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

 بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا نووسیویەتی: وەرگرتنی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەلایەن رووسیاوە، شیاوی ئەوەیە ببێتە درۆی نیسان.

 جۆزێف بۆرێل ئاماژەی بەوە کردووە، رووسیا سەرەڕای ئەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام بەردەوامە لە پێشێلکردنی کڕۆکی چوارچێوەی یاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان.

رووسیا لە دوێنێ شەممەوە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات.

بڕیار وایە سبەی دووشەممە (3ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی رووسیا ببەستێت و کۆبوونەوەکە داخراو دەبێت و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی بەرنامەی کاری ئەم مانگەی ئەنجوومەنەکە دەکرێت.