دوای 41 ساڵ ئێران دانی بە کوژرانی بەرپرسێکی سوپای پاسداران دانا

K24 - هەولێر

دوای 41 ساڵ لە ناڕوونی مردنی ئەحمەد موتەوەسولیان، سوپای پاسداران کۆتایی بە چیرۆکەکانی چارەنووسی ئەو سەرکردە ئێرانییە هێنا، کە یەکێک لەو چوار ئێرانییەی کە لە مانگی تەممووزی ساڵی 1982 لە بەیروت وەک رێبەری سوپای پاسداران بێسەروشوێن بوو.

رۆژی شەممەی رابردوو 1ی ئاداری 2023، حوسێن سەلامی، بەرپرسی گشتی سوپای پاسداران، کوشتنی ئەوسەرکردەیەی بۆ بنەماڵەی موتەوەسولیان پشتڕاستکردەوە، کە ئێران زۆرجار باسی گرتنی لەسەر دەستی ئیسرائیلییەکان کردووە.

ماڵپەڕی سوپای پاسداران، لە زاری سەلامییەوە بڵاویانکردووەتەوە کە گوتویەتی: "موتەوەسولیان یەکەم شەهیدی ئێرانییە لەسەر رێگای ئازادکردنی قودس"، ئەمەش دانپێدانانێکی دەگمەنە، چونکە  پێچەوانەی قسەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە سەبارەت بە مانەوەی ئەو چوار ئێرانییە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا.

موتەوەسولیان، فەرماندەی فەیلەقی 27 بوو لە سوپای پاسداران، کە دیارترین یەکەی مەیدانی ئەو سوپایە بوو، دواتر موتەوەسولیان راسپێردرا بچێتە بەیروت بۆ مەشق و راهێنان کردن بە هێزەکانی حزبوڵڵا، کە ئەو کات شەڕی ناوخۆ بوو لە بەیروت.

 زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە بازگەی باربارا لە کەنارەکانی باکووری بەیروت رفێندراوە، لە کاتێکدا لەگەڵ موحسین موسەوی کونسوڵی ئێران بووە لە گەشتێکدا بۆ پایتەختی لوبنان.

کازم ئیخوان پەیامنێری کاروباری سەربازی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا یەکێک لەو چوار رفێندراوەیە، هەروەها بەرپرسی مەشق و راهێنان لە سوپای پاسداران و تەقی راستکار موقەدەم، دەستە راستی موتەوەسولیان بوو، لەوکاتەی بووە بەرپرسی سوپای پاسداران لە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.

بە درێژایی ساڵانی رابردوو، باڵیۆزخانەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، هەوڵی ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو چوار کەسەیان داوە.

لە راپۆرتێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنان کە لە بەرواری 4 تەمووزی 1982 دا بڵاوکراوەتەوە، چەکدارە حزبیەکان لە بازگەی باربارا، موحسین موسەوی راوێژکاری یەکەم لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەگەڵ سێ کارمەندی باڵیۆزخانە، کە هێزەکی ئەمنی باڵیۆزخانە یاوەری دەکردن، هەروەها  ئەحمەد موتەوەسولیان و کازم ئیخوان و تەقی راستکار، رادەگرن و دەیان گوازنەوە یەکێک لە بنکەکانی حزب.

چارەنووسی ئەو چوار ئێرانییە بووەتە نهێنییەکی گەورە، دەسەڵاتدارانی ئێران دەڵێن ئەو چوار کەسە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دەستگیرکراون، چونکە ناوەکانیان پەیوەست بووە بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیل بە دیل لە نێوان ئێران یان حزبوڵڵای لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، بەتایبەتی فڕۆکەوانی ئیسرائیلی رۆن ئاراد.

لە کۆتایی مانگی ئایاری 2016،حوسێن دەهقان وەزیری بەرگریی پێشووی ئێران، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاران زانیاریی دەستکەوتووە کە هەرسێ ئێرانیەکە کە لە بەیروت بێسەروشوێن بوون، هێشتا ماون زیندوو.