ئەمڕۆ 50 ساڵ بەسەر دروستکردنی یەکەم مۆبایلدا تێدەپەڕێت

لە یەک مۆبایلەوە بۆ 5.4 ملیار بەکارهێنەر

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی نیسان، 50 ساڵ بەسەر دروستکردنی یەکەم مۆبایلدا تێدەپەڕێت، کە ئەوکات یەکەم مۆبایل لەلایەن ئەندازیارێکی ئەمەریکییەوە دروستکرا.

بە گوێرەی ئامارێکی وێبسایتی Datareportal، لەمساڵدا 5.44 ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا مۆبایل بەکاردەهێنن، کە رێژەیان دەگاتە زیاترە لە %68ـی دانیشتوانی زەوی.

وێبسایتی Datareportal ساڵانە راپۆرت و ئاماری خۆی لەبواری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێت و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکاندا بڵاودەکاتەوە و راپۆرتی ئەمساڵیشی ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە %68ـی دانیشتوانی زەوی رۆژانە نزیکەی پێنج کاتژمێر مۆبایل بەکاردەهێنن.

ئەندازیاری ئەمەریکی، مارتن کوپەر لە 3ـی نیسانی 1973 دروستکردنی یەکەم مۆبایلی راگەیاند.

مۆبایلەکانی ئێستا بەراورد بە رابردوو، گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هاتووە و چەندین خزمەتگوزاری جۆراوجۆریان بۆ بەکارهێنەرەکانیان دەستەبەر کردووە، واتە جگە لە پەیوەندی تەلەفۆنی، بەکارهێنەر دەتوانێت یاری ئەلکترۆنییەکان، کڕینی شمەک و کاڵا بە ئۆنلاین و چەندین چالاکی دیکە لەسەر مۆبایلەکەی ئەنجامبدات.