فەرەنسا دەست بەسەر موڵک و سامانی پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبناندا دەگرێت
K24 - هەولێر:
رۆژی سێشەممە، دادگای پێداچوونەوەی پاریس، دەست بەسەر ژمارەیەک موڵک و پارەی بانکی، ریاز سەلامە، پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان دەگرێت، بە گومانی کۆکردنەوەی سامانەکەی لە ئەوروپا لە رێگەی دزینی پارەی گشتی لوبنان.
ئاود بوریسی، دادوەری لێکۆڵینەوەی فەرەنسی رایگەیاند: لەوەتەی دۆسیەی سەلامەی تەمەن 72 ساڵ کراوەتەوە، بێتاوانە.
ماوەی دوو ساڵە لێکۆڵینەوەکان لەسەر سامانی ریاز سەلامە دەکرێت لە لوبنان و دەرەوەی لوبنان، بە گومانی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەیان بۆ هەژمارەکانی دەرەوەی وڵات.
پارێزگاری بانکی ناوەندی لوبنان، بەردەوام نکۆڵی لەو تۆمەتانە دەکات کە پێی تۆماتبار دەکرێت و دەڵێت دادگاییکردنەکەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی سیاسی و میدیاییدایە بۆ تێکدانی ناوبانگ و کەسایەتی ئەو.
ئەو دەڵێت: سامانەکەی لە وەبەرهێناندا بەدەستهێناوە کە لە دوو دەیەی پێشوودا لە دامەزراوەی دارایی جیهانی مێریل لینچ، کاری کردووە.
فەرەنسا و ئەڵمانیا و لۆکسمبورگ لە کۆتایی مانگی ئاداری 2022 رایانگەیاند: کە 120 ملیۆن یۆرۆ سامانی لوبنانی بلۆک دەکەن، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوەیەک لەسەر سەلامە و چوار لە کەسە نزیکەکانی، لەنێویاندا راجا سەلامی برای، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و گواستنەوەی سامانی گشتی لە لوبنان بە بەهای زیاتر لە 330 ملیۆن دۆلار و 5 ملیۆن یۆرۆ لە نێوان ساڵانی 2021 و 2022 دا.
ژووری لێکۆڵینەوەی پاریس رۆژی سێشەممە داواکارییەکانی سەلامە بۆ گەڕاندنەوەی زیاتر لە 12 موڵک و سامان کە لە فەڕەنسا بلۆک بوون، لەوانە شوقەکانی شازدەهەمی پاریس لە شەقامی ئێلیزێ هەروەها لە بەریتانیا و بەلجیکا و هەژماری بانکی.
بڕیارەکە لەسەر ئەو سەرمایەیە دەدرێت کە بە دەیان ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت و، لە ماوەی چەند هەفتەیەکیشدا بڵاودەکرێتەوە.