حکومەتی هەرێم: هەوڵەکانمان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەگە بەردەوام دەبێت

"10 قوتابى ئارەزوومەند لە کۆلیژى فڕۆکەوانى بەغدا بۆ خولى 80ـى هێزەکانى ئاسمانى عێراق، دەستنیشانکراون"
پێشمەرگە
پێشمەرگە

K24 - هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم، بۆ یەکخستنەوەی هێزەی پێشمەرگە بەردەوامن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، بە مەبەستى بەنیشتمانیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی تاکەکان و خۆبەخشەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە  بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن، پشکنینى پزیشکى، دروستکردنى دۆسییەى کەسى، پۆلێنکردن و جیاکردنەوە پێکهاتووە.

لە راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیارییدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بەپێی بڕیارى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى بەرگریى وەزارەتى پێشمەرگە، كومەڵێك رێنمایی و مەرجی تایبەت بەم بابەتە دانراون، کە پێویستە رەچاوبكرێن، یەکێک لەو مەرجانەش تەمەنە و بە پێى یاسا سەربازییەکان دەبێت تەمەن گونجاو بێت.

هەروەها روونیشکراوەتەوە، هەریەك لە لیواكانی (17، 18، 19، 21 و 22)ـی یەکەکانی 70 و 80، سەرجەم رێککارە سەربازییەکانیان بۆسەر میلاکى وەزارەتی پێشمەرگە تەواوبووە و گواستراونەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری دووپاتیشیکردەوە، بۆ دەستبەکاربوون، لیوای (20)  چاوەڕێی بودجەیە لە بەغدا، بۆ ئەوەی وەک لیوایەکی هاوبەش  جیابکرێتەوە، جگە لەوەی هەر یەك لە لیواكانی (23، 24، 26 و 28)ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە، سەرجەم رێککارە سەربازییەکانییان بۆ گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى وەزارەتی پێشمەرگە تەواوبووە و بە بڕیارێکی تایبەت بەرزكراوەتەوە و لیوای 27یش 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

ئاشکراشیکرد، هەر لەو میانەدا كابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 10 قوتابى ئارەزوومەند لە کۆلیژى فڕۆکەوانى بەغدا بۆ خولى 80ـى هێزەکانى ئاسمانى عێراق، دەستنیشانکراون.