لە مانگی رەمەزان وەرزشوانان لە شەواندا روو لە هۆڵە وەرزشییەکان دەکەن

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی:

وەرزشوانان دوای زیاتر لە 13 کاتژمێر بەڕۆژووبوون، شەوانە دەچنە هۆڵە وەرزشییەکان و دەست بە وەرزش دەکەن، بەڵام جیاواز لە مانگەکانی پێشوو کاتێکی کەمتر تەرخان دەکەن بۆ وەرزش بەهۆی هیلاکی و ماندووبوونی جەستەیان.

بژار عەلی، وەرزشکار بە کوردستان24ـی راگەیاند، شەوانە دێینە هۆڵەکانی وەرزش و توانایەکی زۆرمان  نییە بەهۆی بەڕۆژوبوونمانەوە، مانگەکانی پێشوو ئەگەر کاتژمێرێک مەشقمان بکردبایە لەو مانگەدا نیوکاتژمێر تا 45 خولەک مەشق دەکەین.

ئەوانەی شەوانە دەچنە هۆڵە وەرزشیەکان بە جەستەیەکی ماندوو دوای رۆژوو شکاندنیان مەشق دەکەن، جگە لە کەمکردنەوەی کاتی یارییەکانیان، راهێنەران بەردەوام رێنمایی دەدەن، بۆئەوەی زیان بەجەستەی رۆژووەوانان نەگات. لەوبارەیەوە سەفین محەممەد، راهێنەر لە هۆڵێکی وەرزشی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە یاریزانان دووکاتژمێر دوای نانخواردن سەردانی هۆڵە وەرزشییەکان بکەن بۆ مەبەستی وەرزشکردن، بەڵام دەبێت لە مانگی رەمەزاندا مەشقەکان وەكو پێش رەمەزان نەبێت، پێویستە کێشی قورساییەکان کەمتر هەڵبگرن تا زیان بەجەستەیان نەگات.