ئه‌مەریكا: بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن ئۆپیك پڵه‌سه‌وه گونجاو نییه
K24 - هەولێر:
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ئاشكرایكرد، بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمی نه‌وت له‌لایه‌ن وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک و ئۆپیك پڵه‌س گونجاو نییه.
لە کۆنگرەیه‌كی رۆژنامەوانییدا كه به‌شێوه‌ی ئۆنڵاین ئه‌نجامیدا، جۆن کێربی وەڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانانی دایەوە.
له‌باره‌ی بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نه‌وت له‌لایه‌ن وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك پڵه‌س، كێربی رایگه‌یاند: "به‌له‌به‌رچاوگرتنی نادیاریی بازاڕ، پێمانوایە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نه‌وت لە ئێستادا گونجاو نییە".
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەدا، نرخی نەوت بەراورد بە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆوە بینیوە و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ئەوان گرنگی بە نرخەکان ده‌ده‌ن نەک به بەرمیله‌كان و بەردەوام دەبن لەوه‌ی له‌پێناو به‌كاربه‌ره ئه‌مریكییه‌كاندا نرخه‌كان داببه‌زێنن.
جۆن کێربی باسی وردەکاریی گفتوگۆ دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ سعوودیە له‌وباره‌یه‌وه كرد و ئاماژەی بەوەدا جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه لەوەی، "بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان درووست نییه."
کێربی ئاشكرایكرد ئه‌گه‌رچی رەنگە لەسەر هەموو شتێک هاوڕا نه‌بن، بەڵام سعوودیە هاوبەشێکی ستراتیجییە و لە زۆر بواردا پێکەوە کاردەکەن.
لە بەرامبەر پرسیارێکدا سەبارەت بە سووریا، جۆن كێربی ئاشكرایكرد ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەشار ئەسەد، سه‌رۆكی رژێم لە بەرژەوەندی هیچ کەسێک نییە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد هیچ گۆڕانكارییه‌ك له دۆخی سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا رووینه‌داوه.
کێربی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سەربازانی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا بە شێوەیەکی یاسایی لە سووریا كار دەکەن و سەرۆکی ئەمەریکا دەسەڵاتی یاسایی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی سەربازەکان له‌وێ بهێڵێته‌وه و ئه‌و دۆخە گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه.