پۆلیسی سلێمانی: باندێکمان دەستگیرکرد کە ویستبویان حەبی رێگەپێنەدراو رەوانەی ئێران بكەن

باندە چوار کەسییەکە
باندە چوار کەسییەکە

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق باندێکی چوار کەسییان بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ رەوانەکردنی حەبی رێگەپێنەدراو بۆ ئێران دەستگیركرد.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو باندە لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، پاش ئەوەی زانیاری گەیشتووەتە دەست هێزەكانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق كە چەند تۆمەتبارێك حەبی رێگەپێنەدراویان پێیە و بەنیازن گواستنەوەین، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، سەرەنجام توانرا لەلایەن بنكەی پۆلسی حەساری سەربە بەشی پۆلیسی سەیدسادق چوار تۆمەتبار دەستگیر بكرێن.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، جگە لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، 463 كارتۆن حەبی رێگەپێنەدراو دەستیان بەسەرداگیرا، کە بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، تۆمەتبارەکان لە كۆگایەكدا لە ناحیەی زەڕایەن شاردبویانەوە ویستبوویان رەوانەی ئێرانی بكەن.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، تۆمەتباران كە سەرجەمیان بەناسنامە كوردن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 51ی تەندروستی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.