هەواڵگری سوید پێنج کەس بەتۆمەتی پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی دەستگیردەکات

ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سوید
ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سوید

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، هەواڵگری سوید دەستگیرکردنی پێنج کەسی راگەیاند، کە گومانیان لێدەکرا پیلانی کردەوەیەتی تیرۆریستیان داڕشتبێت.

سوزانا ترێهۆرنینگ، جێگری سەرۆکی یەکەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی سوید گوتی: ئەو کەیسەی ئێستا کە چەند دەزگایەکی ئەمنی سوید کاری لەسەر دەکەن، پەیوەندی بە رووداوی سوتاندنی قورئانەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، گومانلێکراوەکان پەیوەندییان بە "رێکخراوێکی توندڕەوی ئیسلامی"ـیەوە هەبووە.

رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، راسموس پالودان سیاسەتمەداری راستڕەوی توندڕەو، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئاگری لە کۆپییەکی (قورئان) کتێبی پیرۆزی موسڵمانان بەردا.

لەبەرانبەر سووتاندنی قورئان لەنزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە پایتەختی سوید، ئەنقەرە هەڵویستی خۆی راگەیاند و، سەردانەکەی وەزیری بەرگری سویدی بۆ وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە.

چەندین وڵات و دامەزراوەی ئیسلامیش هەڵوێستی خۆیان لەدژی سوتاندنی قورئان راگەیاند و بەشێك لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردەوەکەیان سەرکۆنەیان کرد.

ئەمڕۆش دادگای سوید بڕیارێکی پۆلیسی هەڵوەشاندەوە کە تایبەت بوو بە قەدەغەکردنی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سووتاندنی قورئان و رایگەیاند، نیگەرانییەکان پۆلیس سەبارەت بە مەترسی ئەمنی بەس نییە بۆ سنووردارکردنی مافی خۆپیشاندان.