رێککەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا واژوو کرا

ساتی واژۆکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت
ساتی واژۆکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوت

K24 - هەولێر:

دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی پاریس، کە بووە هۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان  بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک، رێککەوتن بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی واژووکرا.

بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، "رێککەوتنەکە کاتییە، بەڵام هەموو بنەماکانی ئەم رێککەوتنە دیسان لە پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گازیش رەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەکی رێک و پێک پێموایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێک بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازیش."

 

 

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دەستخۆشی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم بۆ ئەم رێککەوتنە و دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەم بۆ ئەم رێککەوتنە گرنگە. هیوادرام ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ببێتە هۆی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق.

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "دوای راوەستاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیان تەنها بە خەڵکی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە، بەڵکو بە هەموو خەڵکی عێراق گەیشتووە. ئەم شێوازە نوێیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم داهاتی عێراق زیاتر دەکات و هەموومان تێیدا سوودمەند دەبین."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو: دەمەوێت هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە نیەتی ئێمە لەسەرەتاوە بۆ ئەوەبووە ئێمە بگەینە رێککەوتنێکی باش لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی واز لە هیچ مافێکی دەستووری خۆمان بهێنین، بەڵکوو ئەم رێککەوتنە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەرکارانەی کە هەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی گوتی: دەمەوێت لێرەدا سوپاسی سەرۆک بارزانی بکەم بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامییەی بۆ ئێمەی هەبووە و دەمەوێت سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم بۆ پشتیوانی بەردەوامیان لەم پڕۆسەیە و سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە بکەم کە رۆڵێکی ئەرێنیان هەبووە لەسەر خستنی ئەم پڕۆسەیە. سوپاسی شاندی حکومەتی عێراقی دەکەم بۆ پشتیوانیان لە رێککەوتن لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەمەوێت سوپاسی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی زۆر چڕ ئەم گفتوگۆیانە بگەیێنن بە ئەنجام کە خێری هەموو خەڵکی عێراقی تێدا بێت.

مەسرور بارزانی گوتی: دڵنیام ئەمجارە بە وجودی جەنابی سەرۆک وەزیران ئەم رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ دەکرێت، هیوادارم ئەو تیمانەی رادەسپێردرێن، بۆ چارەسەرکردنی بابەتە هونەرییەکان ئەم رێککەوتنە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئەم پرۆسەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان زەرەرمەند نەبێت.

بەگوتەی مەسرور بارزانی، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا "رێککەوتنێکی کاتییە" و دەڵێت: هەموو بنەماکانی ئەم رێککەوتنە دیسان لە پڕۆژەیاساکانی بودجە و نەوت و گازیش رەنگ دەدەنەوە، لەبەر ئەوە جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بەشێوەیەکی رێک و پێک پێموایە دەتوانێت ببێتە ئەساسێک بۆ ئەوەی بتوانین سوودی لێوەربگرین لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گازیش.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو: ئەو ئیلتیزامەی کە هەموو لایەک پیشانی دەدەین، هیوادارم گەرەنتی ئەوەبێت کە ئەو رێککەوتنە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت دڵنیاشم کە ئەوە دەبێتە دەستپێکێکی باشتر بۆ ئەو هەموو هاوکاری و کارکردنی پێکەوە، وەکو جەنابی سەرۆکوەزیرانی باسی کرد چیتر باسی کێشە نەکەین، بەڵکو باسی ئەو هەلانە بکەین کە لە داهاتوودا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی هەن ئێمە بتوانین وەکو دەستپێکێک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری هەموولایەک دەست پێبکەین، کە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدا بێت ئینشاڵڵا سەرکەوتنیش بۆ هەموو گەلی عێراق دەبێت.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: جارێکی دیکە دەمەوێت دەستخۆشی و سوپاسی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی بکەم، کە بە ڕاستی وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو عێراق کە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەموو عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبەرچاو گرتووە و لەژێر چاودێری بەڕێزیان ئەم رێککەوتنە کراوە، هیوادارم و دڵنیاشم سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت. جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم و سوپاستان دەکەم.