راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا پێشوازی لە رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات؛ "رێککەوتنێکی مێژووییە"

جه‌یك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا | وێنە: AP
جه‌یك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا بۆ دووبارە هەنارەدەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌هێزبوونی سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆی عێراق.

ئەمڕۆ هەینی 7ـی نیسانی 2023، جه‌یك سولیڤان، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مەریكا راگەیەندراوێکی له‌ باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

لەسەرەتای پەیامەکەیدا، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەریکا پێشوازی لە رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: پێزانیمان بۆ رێككه‌وتنی وزەی نێوان هەولێر و بەغدا‌ هه‌یه.

جەیک سۆلیڤان رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدای بە "مێژوویی" ناوبردووە و دەڵێت: حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەڕێوەبردنی داهاتەکان لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا، گەیشتنە رێکەوتنێکی مێژوویی. ئەم ڕێککەوتنە ڕێگا خۆش دەکات بۆ پەسەندکردنی بودجەیەکی چەند ساڵە کە ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، هەروەها دواجار یاسای هایدرۆکاربۆنەکان بۆ سەقامگیری درێژخایەن و پێشبینیکردن لە کەرتی وزەی عێراقدا.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لە رێککەوتنێکی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ فەرەنسی کراوە، تێیدا هاتووە: حکوومەتی عێراق بە بڕی 27 ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیی فەرەنسا، رێکەوتنێکی بێوێنەی ئەنجامدا، لە نێویاندا پڕۆژەیەک بۆ ئەوەیە بتوانرێ کۆنتڕۆڵکردن و بەکارهێنانی غازی سووتاو و لە باشووری عێراق کارا بکرێت. ئەم پڕۆژە مێژووییە دوای جێبەجێکردنی، دابینکردنی کارەبا بۆ بەرژەوەندی خەڵکی عێراق زیاتر دەکات، خۆبژێوی وزە لە عێراق بەرەوپێش دەبات، کاریگەرییە زیانبەخشەکانی کەشوهەوا لە غازی سووتاو لە باشووری عێراق کەمدەکاتەوە، هاوکات ڕێگا بە هەناردەکردنی بەرهەمە غازییەکان بۆ بازاڕە نوێیەکان دەات.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی جەیک سۆلیڤاندا هاتووە: خۆشحاڵین کۆمپانیاکانی قەتەر، سعودیە و ئەمەریکا، لەم پرۆژە بونیادنەرەدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن. ئەمەریکا شانازی دەکات بە پاڵپشتی ئەمانە و پڕۆژە ناوچەییەکانی دیکە و دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییە بەردەوامەکان بۆ پێشخستنی ناوچەیەکی سەقامگیرتر، ئاوەدانتر و گرێدراوتری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە دواجار سوودی بۆ ئەمەریکا و خەڵکی ئەمەریکا دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی 7ـی نیسانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت و لە پەیوەندییەکەدا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە سەرۆکی حکومەت کرد بەبۆنەی واژووکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی و پشتیوانی ئەمریکای بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دەربڕی و  رایگەیاند، ئەمە سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئەو پێشکەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی هاتوونەتە ئاراوە، بنەمای سەردەمێکی نوێی هەماهەنگی درێژخایەن لە نێوان هەولێر و بەغدا دادەنێت.

هەر لە پەیوەندییەکەدا، باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان و چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا.