رێواز فایەق: پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکات

رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر:

رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، لە پەیامێکدا رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ڕێکەوتنەکە دەکات و بەگەرمی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و عێراق دەکەین.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم لەنێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: هیوادارین رێککەوتنی هەرێم و بەغدا ببێتە سەرەتای لێکتێگەیشتنی باش و هاوبەش سەبارەت بە هەموو دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە لە نێوان هەولێر و بەغداد.

رێواز فایەق گوتیشی: گەلی کوردستان ساڵانێکی سەختی لە قەیرانی تاقەتپڕوکێن بەهۆی ململانێکانی تایبەت بە دۆسیەی نەوت تێپەڕاند، بۆیە میللەتەکەمان چاوەڕوانی ئەوەی لە هەموو لایەكمان هەیە کە قۆناغێکی نوێی دڵنیایی و ئارامی بەرقەرار بکەین و دادپەروەریی لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تەواوی شار و شارۆچکەکاندا بێتەدی.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو: وەك چۆن پێداگری لەسەر شایستەییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو بودجەی دەوڵەتی عێراق دەکەین و وەك سەنەدی دەستووری و یاسایی بۆ بەدەستهێنانیان پشت بە یاساکەی دەبەستین، دەبێت بە هەمان لۆژیك و بنەما پێداگر بین لەسەر ئەوەی کە حکومەتی هەرێم پێویستە پرۆژە یاسای بودجە لە ئێستا و داهاتووشدا بنێرێتە پەرلەمان و هەموومان پابەندییە یاساییەکانی خۆمان لەو رووەوە جێبەجێ بکەین.