بایدن: شانازی بە پێشوازیکردن لە فینلاند وەک 31مین ئەندامی ناتۆ دەکەم

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: AP
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بوونی فینلاند بە 31مین ئەندامی ناتۆ دەکەن و ئاماژەی بەوەکرد، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەندامبوونی سوید دەکەن لە ناتۆ.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەندامبوونی فینلاند لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بڵاوکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەمڕۆ شانازی بە پێشوازیکردن لە فینلاند وەک 31مین ئەندامی ناتۆ دەکەم" و رایگەیاند 74 ساڵ پێش ئێستا وەک ئەمڕۆ ئەمریکا و 11 وڵات بۆ دامەزراندنی رێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئەتڵەسی کۆبوونەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر لە داهاتوودا شتێکی حەتمی هەبێت ئەویش ئیرادەی خەڵکی جیهانە بۆ ئازادی و ئاشتی"ی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، هاری ترومان-ی وەبیرهێنایەوە.

بایدن ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ بەشداریکردنی فینلاند لە ناتۆ ئەم ئیرادەیە لە هەموو کات بەهێزترە و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە فینلاند و سوید کە لە رووی سەربازییەوە لێهاتوون و لەگەڵ ئەمریکا هەمان بەهایان هەیە لە مانگی ئایاری 2022 داوای ئەندامبوونیان کردووە لە ناتۆ.

جۆو بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامبوونی ناتۆ لە ماوەیەکی کورتدا لە مێژووی هاوچەرخی ناتۆ خێراترین پێواژووی دەنگدان بووە و رایگەیاند بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەندامبوونی سوید دەکەن لە ناتۆ و بایدن، هانی تورکیا و هەنگاریا دا کە بەبێ دواخستن پێواژووی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکەن.

 بایدن گوتی: "سەرۆکی رووسیا کاتێک دەستی بە هێرشی بێبەزەیی لە دژی گەلی ئۆکرانیا دەستپێکرد، پێیوابوو کە ناتۆ و ئەوروپا لە یەکتر جیادەکاتەوە. هەڵخەڵەتا. ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر یەکگرتووین و پێکەوە نوێترین هاوپەیمانمان فینلاند بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایشی ترانس ئەتڵەسی، بەرگریکردن لە هەر سانتیمێک لە خاکی ناتۆ و سەرکەوتن بەسەر هەموو جۆرە سەختییەک".