50 تەن دەرمان و پێداویستی پزیشكی رەوانەی تورکیا و باکووری کوردستان دەکرێن

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی نزیكەی 50 تەن لە دەرمان و پێداویستی دیكەی پزیشكی رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی تورکیا و باکووری کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بەردەوامی ناردنی هاوکارییە پزیشکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکانی بوومەلەرزەی تورکیا و باکووری کوردستان قسەیکرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەچوارچێوەی ھاوكارییەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ زیانلێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی باكووری كوردستان و توركیا، وەزارەتی تەندروستی نزیكەی 50 تەن لە دەرمان و پێداویستی دیكەی پزیشكی رەوانەی ناوچەكە دەكات.

بەگوتەی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمێکی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی لەگەڵ ئەو کاروانە بەرەو شاری ئەدەنەی باکووری کوردستان دەچن، پێداویستییەکان رادەست دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە.

سامان بەرزجی رایگەیاند، بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر لەبارەی ناردنی ئەو هاکارییانە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان لەسەر هێڵن و سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیشی کرد، کە وەکو خۆی دەڵێت، ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە گەیاندنی ئەو هاوکارییە پزیشکییانە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان.