نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا نزیکەی ملیۆنێك عێراقی بەر پڕۆسەکانی بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ کەوتوون

دایكێكی ره‌شپۆشی گه‌رمیان له‌ نوگره‌سه‌لمان به‌سه‌ر لمی بیاباندا ده‌گریت و شیوه‌ن بۆ ئازیزانی ئه‌نفالكراوی ده‌كات. وێنه‌: AFP
دایكێكی ره‌شپۆشی گه‌رمیان له‌ نوگره‌سه‌لمان به‌سه‌ر لمی بیاباندا ده‌گریت و شیوه‌ن بۆ ئازیزانی ئه‌نفالكراوی ده‌كات. وێنه‌: AFP

K24 - هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، نزیکەی یەک ملیۆن عێراقی لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا کە لە دەسەڵاتی سەدام حسێنەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە رووخانی دەسەڵاتەکەی لەلایەن ئەمه‌ریکا و پاشانیش تا بە سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش دەگات، بە پاساو و شێوازی جیاجیا و بەزۆرەملێ بێسەروشوێنکراون.

لیژنەی نەتەوەیەکگرتووەکانی پەیوەندیدار بە حاڵەت و دۆسییەی بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا زۆرترین کەس تێیدا لە چەندین پرۆسەدا بە پاساو و شێوازی جۆراوجۆر بێسەروشوێنکراون و چارەنووسی هەزارانیان تا ئێستا نادیارە.

راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، نزیکەی 290 هەزار کەس لە عێراقدا کە 100 هەزاریان هاووڵاتی کوردبوون لە پڕۆسەیەکی لەناوبردنی بەکۆمەڵدا کە سەدام حسێن لە ماوەی نێوان ساڵانی 1988 – 2003 لە کوردستان ئەنجامی دا، کەوتنە بەر شاڵاوی بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ.

لیژنەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان روونی دەکاتەوە، بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ لە دوای رووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمەریکا و بەریتانیاوە درێژەی پێدرا، بەشێوەیەک 200 هەزار عێراقی خرانە زیندانەکان، کە نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە لە زیندانەکانی ژێر ئیدارەی ئەمەریکا و بەریتانیا بوون.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتوویەتی، پڕۆسەی بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ جارێکی تر لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق لە ساڵی 2014 بەردەوامی هەبوو و هەزاران کەسی تر کەوتنە بەر پڕۆسەکە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی تری راپۆرتەکەیدا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی چەندین شێوازی تری بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێ لە عێراق بەردەوامیان هەیە، یەکێک لەوانە بێسەروشوێنکردنی بەزۆرەملێی منداڵانە بەتایبەتی ئەو منداڵە ئێزدییانەی لەناو کامپەکانی رێکخراوی داعشدا لە دایک بوونە دوای ئەوەی دایکەکانیان رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

star