کۆریای باکوور: مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمەریکا ناوچەکە لە لێواری جەنگی ئەتۆمی نزیکدەکەنەوە

وێنەی میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک لە کانوونی دووەمی 2022
وێنەی میدیای فەرمی کۆریای باکوور لە تاقیکردنەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیک لە کانوونی دووەمی 2022

K24 - هەولێر:

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، مانۆڕە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەنزیک نیمچە دوورگەی کۆریا ناوچەکە لە لێواری جەنگی ئەتۆمی نزیکدەکەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور بڵاویشیکردەوە، کۆریای باشوور و ئەمەریکا بەئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی و بەکارهێنانی فڕۆکەی ستراتیژی ئەمریکا ناوچەکە لە جەنگی ئەتۆمی نزیکدەکەنەوە و پیۆنگ یانگیش بەمافی خۆی دەزانێت وەڵامی هێرشبەرانەی هەبێت.

باسی لەوەشکردوو، هیوادارن هەرچی زووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو هەورە رەشە ئەتۆمییەی کە باڵی بەسەر نیمچەدوورگەی کۆریادا کێشاوە لای ببەن.

لەلایکی دیکەوە، سیئۆل هۆشداریدا بە پیۆنگیانگ لەوەی چیتر کۆمەڵگەی پیشەسازی کایسۆنگ تەنیا بۆ قازانجی خۆی بەکارنەهێنێت.

کۆمەڵگەی پیشەسازی کایسۆنگ، بە هاوبەشی کۆریای باکوور و کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور کاری تێدا دەکرێت، بەجۆرێک 50 هەزار کرێکاری کۆریای باکوور لەو کۆمەڵگەیەدا کار دەکەن و کەلوپەل و پێداویستی بۆ کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور دروست دەکەن.

لە 2016 سیئۆل لە وەڵامی تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور، لە رێککەوتنی کۆمەڵگە پیشەسازیYەکە کشاوە.

وەزارەتی یەکگرتنەوەی سیئۆلیش رایگەیاند، باکوور بەردەوام بەبێ مۆڵەت سەروەت و سامانەکانی ئەو دامەزراوەیەی بەکارهێناوە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ کۆریای باشوور.