"لێبوردەیی ئینگلیزه‌كان و رێگری فه‌ره‌نسا و دزی ئیتاڵیا له مانگی ره‌مه‌زان"
دۆخی یاریزانه موسڵمانه‌كان له ڕەمەزانی ئه‌مساڵ لە یاریگاکانی ئەورووپا جیاوازه، دۆخی هه‌ریه‌كێكیان بەندە بەو وڵاتەی کە تێیدا یاری دەکات. لێبورده‌یی ئینگلیزه‌كان و رێگری فه‌ره‌نسا و فێڵ و دزی له ناوبژیوانانی ئیتاڵیا به‌رامبه‌ر یاریزانه موسڵمانه‌كان بووه‌ته بابه‌تی گه‌رمی میدیایه‌كان.
مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژووی یاریزانان لە ئەورووپا بەپێی کو‌لتوور و داب و نەریتی هەر وڵاتێک جیاوازە، له ئینگڵاند دۆخەکە نەرمتر و لێبوردەتره بۆ یاریزانه موسڵمانه‌كان، هه‌ر یانه‌یه‌كیش له مانگی ره‌مه‌زان یاریزانی موسڵمانی هەبێت سەرنجی میدیایه‌كان ڕادەکێشرێت.
به‌ریتانیا لێبورده‌یی خۆی به‌رامبه‌ر موسڵمانه‌كان پیشان دا
پێش دەستپێکردنی مانگی ڕەمەزان، یانەی چێڵسی ئینگلیزی بۆ یەکەمجار لە یاریگای ستامفۆرد بریج خوانی به كۆمه‌ڵی بۆ موسڵمانه‌كان ساز كرد. یانه له‌نده‌نییه‌كه یه‌كه‌مین یانه‌ی ئینگلیزی نییه كه ئه‌م كاره‌ی به‌رامبه‌ر موسڵمانه‌كان كرد بێت.
یانەی کوینز پارک ڕێنجەرزی ئینگلیزیش خوانی به‌ربانگی بۆ موسڵمانان ساز كردووه، ئه‌مساڵیش دیسان یانه‌ی بلاكبێرن رۆڤێرزی ئینگلیزی هه‌مان شتی بۆ رۆژووانه موسڵمانه‌كان كرد.
لەلایەکی دیکەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلاند هەنگاوێکی گرنگی ناوە بە وەستاندنی یارییەکان، بۆ ئەوەی یاریزانە بەڕۆژووەکان بە شێوەیەکی یاسایی ڕۆژووەکەیان بشکێنن.
پێش هه‌ر یارییه‌ك له خولی ئینگلیزی ناوبژیوانەکان زانیاری له باره‌ی یاریزانه موسڵمان كۆده‌كه‌نه‌وه و پرسیار دەکەن کام یاریزان بەڕۆژوون و دەیانەوێت ڕۆژووەکەیان له كاتژمێر چه‌ند بشکێنن.
دوو ساڵ لەمەوبەر لە یارییەکەی لیستەر سیتی و کریستاڵ پاڵاس بینیمان كاتێك هه‌ردوو یانه له‌گه‌ڵ ناوبژیوانی یارییه‌كه رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ی یارییه‌كه رابگرن بۆ ئه‌وه‌ی وێسلی فۆفانا و شێخۆ كۆیاتێ رۆژووه‌كانیان بشكێنن. ئه‌وكات وێسلی فۆفانای فەرەنسی، یاریزانی یانەی لیستەر بوو، رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی روویدا لوتكه‌ی مرۆڤایه‌تی و رێزگرتن بوو له‌بیروباوه‌ڕه‌كان، ئه‌مه تۆپی پێ گه‌وره‌تر ده‌كات.
له فه‌ره‌نسا هیچ حیسابێك بۆ یاریزانه موسڵمانه‌كان نه‌كراوه
بە پێچەوانەی ئینگڵاند؛ فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و داوای‌کرد ناوبژیوانه‌كان یارییەکان ڕانەگرن بۆ ئەوەی یاریزانەکان ڕۆژووەکەیان بشکێنن، چونکە ده‌بێته جیاکاری لەسەر بنەمای ئایین کە لەگەڵ بەهاکانی کۆماری فەرەنسا ناگونجێت.
ته‌نانه‌ت ئەنتوان کۆمپاریێتی ڕاهێنەری یانەی نانتی فه‌ره‌نسا (جوان حاجامی به‌رگریكاری جەزائیری یانه‌كه‌ی دوورخسته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئاماده‌نه‌بوو له رۆژی یارییه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر ستاند ریمس رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت، دواجار راهێنه‌ر بڕیاری دا ئه‌و یاریزانانه‌ی به‌رۆژووده‌بن تا كۆتایی مانگی ره‌مه‌زان له پێكهاته‌ی یانه‌كه دووربخرێنه‌وه.
ڕۆژوو شکاندنی یاریزانه‌كان لە کاتی یارییەکاندا وه‌كو رۆژووشكاندنی ماڵه‌وه نییه، بەڵکو تەنیا خورمایەک، کوپێک ئاو، یان مۆزێک ده‌خۆن؛ ئه‌مه‌ش وایكرد هاندەرانی پاریس سانجێرمان بە لافیتەیەکی گەورە لە کاتی یارییەکەیاندا به‌رامبه‌ر لیۆن هێرش بكه‌نه‌سه‌ر سەر فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌یان كه رێگری ده‌كات له راگرتنی یارییه‌كان له پێناو رۆژووشكاندنی یاریزانه موسڵمانه‌كان.
هانده‌رانی پاریس به دروشمێكی گه‌وره نووسیبوویان: ده‌نكه خورمایه‌ك و كوپێك ئاو، کابوسه بۆ فه‌ره‌نسا.
دزی و فێڵكردن لە ئیتاڵیا
دۆخی ئیتاڵیاش بۆ یاریزانه موسڵمانه‌كان جیاوازه، له‌و وڵاته هیچ بڕیارێكی فه‌رمی بۆ رۆژووشكاندنی یاریزانه موسڵمانه‌كان بوونی نییه، یاریزانه‌كان به شێوازی جیاواز په‌نا ده‌به‌نه به‌ر فێڵكردن له ناوبژیوان بۆ راگرتنی كات بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانه موسڵمانه‌كانی هاوڕێیان رۆژووه‌كانیان بكشێنن، دوایینجار له یاریی فیۆرێنتینا و ئینته‌ر میلان روویدا، كاتێك له گه‌رمه‌ی یاری، لوكا رانیێری یاریزانی یانه‌ی فیۆرێنتینا خۆی وه‌كو یاریزانێكی پێكراو ده‌رخست بۆ ئه‌وه‌ی سۆفیان ئامراباتی هاوڕێ مەغریبیەکەی بتوانێت ڕۆژووەکەی بشکێنێت.