ئاری هەرسین: رێککەوتنی هەولێر و بەغدا باشترین وەڵام بوو بۆ بڕیارەکەی دادگای پاریس

K24 – هەولێر:

رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆکرا، کادرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستانیش رایدەگەیەنێ باشترین وەڵام و مامەڵەی عەقڵانی لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای پاریس بریتی بوو لە چوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و واژووکردنی رێککەوتنەکە.

ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی تایبەت بە کوردستان24 سەبارەت بە گرنگی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا روونیکردەوە، رێککەوتنەکە سەرکەوتنێکی گەورەی ئابوورییە بۆ حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک کۆتایی بە کۆمەڵێک کێشە و قەیران دەهێنێت و ئەو ناوبڕە درێژەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، کورت دەبێتەوە.

ئەو کادرە پێشکەوتووەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە ئەوە هەڵدەگرێت ئومێدی ئاییندەیی لەسەر هەڵبچندرێت و رێگەخۆشکەرە بۆ چەندین لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی دیکە، بەتایبەت یەکێک لە کێشە و پرسە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دۆسیەی نەوت بوو، بۆیە چارەسەرکردنی ئەم پرسە دەبێتە بناغەیەکی ئەرێنی بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی نێوان هەردوولا.

ئاری هەرسین پێی وایە ئەم رێککەوتنە لە رووی ئابوورییەوە سوودێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە نەوتەکەی بە نرخێکی زۆرتر دەفرۆشرێت، لە رووی سیاسیشەوە بۆ هەرێم سوودی هەیە و بەم رێککەتنە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا بەرەو باشی دەچێت، کە ئەمەش وایکردووە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە پیرۆزبایی لە واژووکردنی رێککەوتنەکە بکەن و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن.

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.