ئازربایجان ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات

باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ
باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆ

K24 – هەولێر:

لە پێشهاتێکی نوێی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئازربایجان و ئێران گرژیان تێکەوتەوە و چەند دیپلۆماتکارێکی ئێرانیش لە باکۆ مۆڵەتی 48 کاتژمێریان پێدراوە بۆ ئەوەی ئازربایجان بەجێبهێڵن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) وەزارەتی دەرەوەی ئازربایجان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندووە، چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی کە لە باڵیۆزخانەی ئێران لە باکۆی پایتەخت کاردەکەن "کەسانی پەسندکراونین و دەبێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا لە خاکی ئازربایجان بچنەدەرەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئازربایجان ئاماژەی بەوە کردووە، سەبارەت بەم بابەتە بانگهێشتی عەباس موسەوی، باڵیۆزی ئێرانیان لە ئازربایجان کردووە و پێیان راگەیاندووە، بەپێی بەدواداچوونەکان چوار دیپلۆماتکاریان بەهۆی سەرپێچیکردن لە چالاکییە دیپلۆماسییەکان و پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ڤیەننای ساڵی 1961ـی تایبەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، دەبێت بەپێی ئەو مۆڵەتەی بۆیان دیاریکراوە، ئەو وڵاتە بەجێبێڵن.

پێشتر لە (20ی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 2022) ئێران، حکومەتی ئازربایجانی تۆمەتبار کردبوو بە هاندانی ئازربایجانییەکانی وڵاتەکەی بۆ جودابوونەوەیان لە ئێران.