لە سلێمانی شوێنێک بۆ سەگە بێلانەکان دابیندەکرێت

K24 – سلێمانی:

بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لەناو شار و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، پارتی سەوزی کوردستان لە سلێمانی، پڕۆژەیەکی ئاراستەی حکومەت کردووە، بۆجێبەجێکردنی پڕۆژەکەش پێویستیان بە 339 ملیۆن دینار هەیە، ماوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەش دوو مانگیان دیاریکردووە.

باکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، پرۆژەیەکمان هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، ئەوانەی کە مەترسین بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، پێویستمان بە 339 ملیۆن دینارە بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، بۆ ئەوەی ببرێنە سەنتەری راهێنان کە لە گوندی رازیانە لە شاری سلێمانی، کە ئەو شوێنە نوێیە بۆ ئەو مەبەستە کراوەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی پارتی سەوزی کوردستان، ژمارەی سەگە بێلانەکان گەیشتووەتە 50 هەزار سەگ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی و بەشێک لە قەزا و ناحیەکانی ئەو پارێزگایە.