پۆلیسی سلێمانی بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلێکی ژمارە کاتی کەسێک دەستگیردەکات

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیردەکات و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دزراویشیدا دەگرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی - نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمەتبارێك دەستگیركرا و دەستیش گیرابەسەر ئۆتۆمبێلێكدا كە فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەبووە .

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای ئەوەی فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلێك گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەكە دەستیپێكرد، سەرەنجام توانرا لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل تۆمەتبارێك دەستگیربكرێت كە ئۆتۆمبێلەكەی پێبووە و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا بگیرێت .

ئاماژە بەوەشدرا، تۆمەتبار (ك،ن،ن لەدایكبووی 1997) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان، ئۆتۆمبێلەكە رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێتەوە .