پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا بۆ کوردستان24: دەبێت رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێبکرێت

دەریا تۆرن، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا
دەریا تۆرن، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا

K24 – هەولێر:

پەرلەمانی ئەڵمانیا کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە بڕیاری بەجینۆسایدناسانی تاوانەکانی دژی داعش لە دژی ئێزدییەکان هاتوون، جێبەجێ بکات و پەرلەمانتارێکی ئەو وڵاتەش دەڵێت، پێویسە سەرەتا رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت.

دەریا تۆرن، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە کوردستان24ـی راگەیاند، وڵاتەکەی گرنگی تایبەت بە داخوازیی ئێزدییەکان دەدات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێبکرێت و رەوشی ناوچەکە ئاسایی بکرێتەوە.

دوای ئەوەی لە (19ـی کانوونی دووەمی 2023)، پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری بەجینۆسایدناسانی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزدییەکانی پەسەندکرد کە خۆی لە 20 خاڵ دەبینێتەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی هەموو ناوەڕۆکی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا کردەوە.

هەروەها دەریا تۆرن بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ئەوان رژدن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان، بەڵام وەک دەستپێک پێویستە رێککەوتننامەی شنگال کە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژووکراوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، جێبەجێبکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن دەست بەکاری خۆیان بکەن لە شنگالم کە ئێستا دۆخی ئەو ناوچەیە ئاڵۆزو و زۆرینەی خەڵکەکەی ئاوارەن.