لوبنان بە نیازە لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لە دژی ئیسرائیل تۆمار بکات

بنکەیەکی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل | وێنە: AP
بنکەیەکی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل) لە سنووری لوبنان و ئیسرائیل | وێنە: AP

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان رایگەیاند، بۆردوومانی ئیسرائیل پێشلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان و پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیاری ژمارەی 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

لوبنان بە نیازە بە فەرمی سکاڵایەک پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بکات، ئەمەش دوای ئەو هێرشە مووشەکییەی ئیسرائیل دێت کە بەیانی ئەمڕۆ هەینی بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە ئەنجامیدا.

وەزارەتی دەرەوەی لوبنان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، عەبدوڵڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، نێردەی وڵاتەکەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان راسپاردووە سکاڵایەکی فەرمی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش بکەن بەهۆی هێرش و دەستدرێژییە ئەنقەستەکانی ئیسرائیل کە بەیانی ئەمڕۆ بۆسەر ناوچەکانی باشووری لوبنان ئەنجامیدا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل پێشلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان و پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیاری ژمارەی 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و هەڕەشەیە بۆسەر سەقامگیری ناوچەکانی باشووری لوبنان.

بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 1701ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە لە هاوینی 2006 دەرچووە، پێوستە کارە دوژمنکارییەکانی بووەستێندرێن، ئەمەش دوای نزیکەی 33 رۆژ لە شەڕی نێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل دەرکرا.