ئاسایشی هەولێر: شەش تەقەکەری رووداوەکەی ئەمشەوی خەبات دەستگیرکران

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24 - هەولێر:

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە شەش تەقەکەری رووداوەکەی ئەمشەوی خەبات دەستگیر بکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7ـی نیسانی 2023، هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای خەبات کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 07:00 بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕە تەقە لەنێوان چەند کەسێکدا دروستبوو.

کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی شەڕە تەقەکەوە هاووڵاتییەکی تەمەن 27 ساڵ بەناوی (هەرێم محەممەد کەریم) گیانی لەدەستداوە.

قائیمقامی قەزای خەبات گوتیشی، شەڕە تەقەکی وەستێندراوە، هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵکردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، هۆکاری روودانی شەڕە تەقەکە بۆ مامەڵەیەکی دارایی تایبەت بە مۆبایل لەنێوان چەند گەنجێکدا دەگەڕێتەوە. نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەمەقاڵە لەنێوانیاندا دروستبووە و ئێوارەکەی لەکاتی بانگکردنەوە، دووبارە هەمان ئەو کەسانە رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و بەهۆیەوە ئەو گەنجە 27 ساڵییە کوژراوە.