رۆژنامەیەکی ئەمەریکی: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی بووە

K24 – هەولێر

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی رایدەگەیەنێت، هێرشی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی، فەرمادەنی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە.

رۆژنامەی ۆڵسترریت جۆرناڵی ئەمەریکی بڵاویکردەوە: "هێرشی درۆنەکان لە باکووری عێراق بۆ ئامانجگرتنی فەرماندەی گشتی هەسەدە بووە".

لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی، رۆژنامەی ۆڵستریت جۆرناڵی لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی ئاماژە بەوەشکردووە: "هێرشەکەی بۆسەر مەزڵوم عەبدی بووە کە هاوپەیمانی ئەمەریکا بوو لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعشدا، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە".

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە: "لەکاتی هێرشەکەدا سێ سەربازی ئەمەریکی لەگەڵ مەزڵوم عەبدیدا بوون".

دوێنێ هەینی 7/4/2023، تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش راگەیەندرا هێرشی درۆنی بووە.