نێچیرڤان بارزانی: ئێستا لە عێراق زەمینەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان هەیە

"لە 20 ساڵی رابردوودا هەڵەی زۆر کراون و پێویستە راستیان بکەینەوە"

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی یادی دامەزراندنی رێکخراوی بەدر لە بەغدا، وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئێستا لە عێراق زەمینەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتی: "سبەی 9ی نیسانە و 20 ساڵ بەسەر روخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق تێدەپەڕێت، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بیر لەو سەرکەوتنانە بکەینەوە، کە لە ئەنجامی یەکگرتووی بەدیهاتوون، بیر لە هەردوو کۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق لە لەندەن و سەلاحەدین بکەینەوە کە تێیاندا بەرنامە بۆ عێراقی دیموکراسی و فیدراڵی دانرا، لە 20 ساڵی رابردوودا هەڵبژاردن بووەتە بەشێک لە ژیانی سیاسی، ئەویش پێشکەوتنێکی گرنگە، لە هەموو وڵاتێک هەڵبژاردنی ئازاد روحی دیموکراسییە، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە پەرلەمان دابینکراوە و عێراق چیتر هەڕەشە نییە بۆ سەر دراوسێکانی، عێراق بووەتە خاوەنی دەستوورێکی دیموکراسی و فیدراڵی هەمیشەیی قبوڵکراو، ئەمانە هەمووی خاڵی گرنگ و سەرەکین لە گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراقدا، بێگومان لەو 20 ساڵەدا هەڵەی زۆریش کراون کە پێویستە راستیان بکەینەوە، هەر بەو جۆرەش دەبێ دابەزینی رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان چارەسەر بکرێت".

گوتیشی: "لەپێناو هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا دەبێ پەند لەو ئەزمونانە وەربگرین و عێراق سەرکەوتوو دەبێت کە شیعە، سوننە، کورد، مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکە خۆیان تێیدا بە سەرکەوتوو بزانن، عێراق بە هەمەڕەنگی سەردەکەوێت، مێژووی 102 ساڵی رابردوو بە روونی ئەوەمان پێدەڵێت کە دەبێ هەموومان پێکەوە بەشداربین".

نێچیرڤان بارزانی، رشیگەیاند: "زۆر دڵخۆشم کە دەبینم محەممەد شیاع سوودانی بە جدی هەوڵدەدات بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت، ئەوەش مایەی پشتیوانی هەموو لایەکە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لەو ئاراستەیەی سەرۆک وەزیران. رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گەورەیە بە ئاراستەی چارەسەرێکی فراواندا، لێرەدا دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و تیمی هەردوولا و لایەنەکان ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەم".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا: "رێگەی راست بۆ هەموو لایەک رێگەی ناوخۆی عێراق، چارەسەری عێراقی سەروەری و پێشکەوتنی عێراق پێشدەخات و متمانەی خەڵک بە دەسەڵاتی بەهێز دەکات و متمانەی نێوان لایەنەکان بەهێز دەکات، ئەگەر چارەسەری عێراقیانە بکەینە نیاز و ئامانج دەتوانین دڵنیا بین لە سەقامگیری ئێستا و لە سەرکەوتنی ئایندەماندا".

سەرۆکی هەرێم، باسی لەوەشکرد: "بەر لە 10 ساڵ سەرۆک بارزانی بە نیازێکی پاک و روانگەیەکی ستراتیژی داوای لەلایەنە عێراقییەکان کرد، پێکەوە دابنیشین بۆ رێگەگرتن لە رووداو و کارەساتی گەورە، داوایکرد بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، بەداخەوە ئەوە نەکرا. رووداو و کارەساتی زۆر ناخۆش روویان لە عێراق و ناوچەکە کرد، ئەمڕۆ دۆخێکی تازەی دڵخۆشکەر لە عێراق دروستبووە، لەوباوەڕداین ئێستا زەمینەی گفتوگۆ لەسەر هەموو کێشەکان هەیە، بۆیە گرنگە بە دڵێکی پاک و روانگە و چارەسەری نیشتمانیانە دەستی پێبکەین".