سەبارەت بە بەشداری پێكهاتەکان لە هەڵبژاردن یۆنامی دوو پێشنیاز بۆ پارتی و یەکێتی دەنێرێت

یۆنامی
یۆنامی

K24 - هەولێر:

ئەو لیژنەیەی یۆنامی کە بەشداری دوایین کۆبوونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کرد، دوو پێشنیازیان بۆ بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو دوو حزبە ناردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، (یۆنامی) نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەم چەند رۆژەی رابردوودا دوو پێشنیازی بۆ چۆنییەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن بۆ پارتی و یەکێتی ناردووە.

ئێستا دوو پێشنیازەکە لەبەردەستی هەردوو سەرۆکی شاندی پارتی و یەکێتیە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پێشنیازەکان، هەردوولا بەجیا بابەتەکە تاوتوێ دەکەن، دواتر وادەی کۆبوونەوە دیاری دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوو پێشنیازەکە.

لە دوایین کۆبوونەوەی هەردوو دەزگای پارتی و یەکێتی، لەسەر داواکاری شاندی پارتی پێشنیاز کراوە یۆنامی پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەکە بکات و ئەوانیش گفتوگۆی لەسەر بکەن.

هەر بەپێ زانیاریەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو رووداوانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە سلێمانی روویاندا کاریگەری دەبێت لەسەر دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی هەردوولا.

پێشتر سەرۆک بارزانی داوای کردبوو، بۆچوونی یۆنامی لەبارەی چۆنییەتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان وەربگیرێت، یۆنامیش لە رێگەی لیژنەیەکەوە سەردانی پێکهاتەکانی کردووە.

لەبارەی بۆچوونی پێکهاتەکانیش، ئەوان پێشتر رەتیان کردووەتەوە کورسیەکانیان دابەش بکرێت و دەیانەوێت بە یەک بازنە بەشداری هەڵبژاردن بکەن.