ترەمپ: بایدن بەرپرسیاری سەرەکییە لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر:

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بانگەشەکانی ئیدارەی جۆ بایدنی سەبارەت بەوەی (ترەمپ) سەرچاوەی ئەو کێشانە بووە کە لە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان سەریانهەڵدا، بە "زانیاریی ناڕاست" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، بایدن بەرپرسیاری سەرەکییە لەم بابەتەدا.

دوای ئەوەی ئیداری بایدن بانگەشەی ئەوەی کرد ئەو کێشانەی کە لە کاتی پرۆسەی کشانەوە ئەمریکا لە ئەفغانستان دووچاری وڵاتەکەی هاتن، تاڕادەیەکی زۆر بەهۆی بێ پلانیی ئیدارەی ترەمپەوە بووە، ترەمپ لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی TruthSocial بڵاویکردەوە، ئیدارەی بایدنی کردە ئامانج.

ترەمپ رایگەیاندووە "ئەم گەمژانەی لە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی سیستەماتیکی وڵاتەکەمان لەناودەبەن و لەلایەن گەورەترین گەمژە، جۆ بایدنەوە سەرۆکایەتیی دەکرێن، بۆ خۆدەربازکردن لە ناکارامەیی خۆیان لە ئەفغانستان یارییەکی نوێ ئەنجام دەدەن کە ئەویش بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و تاوانباکردنی منە".

دۆناڵد ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد، ئیدارەی بایدن سوپای ئەمریکای کشاندەوە و بە بەهای 85 ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازیی رادەستی ئیدارەی ئەفغانستان کرد، رایگەیاندووە: "بینیم کە رێگەیان داوە سەربازەکانمان بکوژرێن و ئەمریکییەکانیان بەجێهێشتووە. بایدن بەرپرسیارە لەم کارە، نەک کەسێکی دیکە".

مایکل مەککۆل، هەروەها سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی سەبارەت بە لێدوانەکانی جۆن کێربی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیجییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی،  بڵاوکردەوە کە زانیاریی سەبارەت بە راپۆرتێکی پیوەندیدار بە پرۆسەی کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دابوو کە دوێنێ پێشکەش بە کۆنگرێس کرا.

مەککۆل لێدوانەکانی کێربی کە تێیدا رەخنەی لە ئیدارەی ترەمپ گرتبوو بە "شەرمەزارکەر" وەسف کردووە و رایگەیاندووە: "سەرۆک بایدن بڕیاری کشانەوەی دا و تەنانەت وادەی کشانەوەکەی دیاری کرد. ئەو بەرپرسیارە لە شکستی گەورەی پلاندانان و جێبەجێکردندا".