ئۆکرانیا: بەم نزیکانە ژمارەیەک سیستەمی بەرگری ئاسمانیمان پێدەگات

سیسەمێکی بەرگری ئاسمانی (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)
سیسەمێکی بەرگری ئاسمانی (وێنەکە بۆ روونکردنەوە دانراوە)

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەداهاتوویەکی نزیکدا ژمارەیەک سیستەمی بەرگری ئاسمانیان بەدەست دەگات.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا؛ یوری ئینگارت، گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا روونیکردەوە، وابڕیارە سیستەمی بەرگری ناسامس و پاتریۆت و ئای ئاڕ ئای ئێس و ژمارەیەکی دیکەی دژە مووشەک لەداهاتوویەکی نزیکدا بگەنە دەستیان.

بەگوتەی گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا سەربازەکانیان بۆ ماوەی دوو مانگ راهێنانیان لەسەر ئەو سیستمە بەرگریانە کردووە.

سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی ئێف 16 بۆ وڵاتەکەی، یوری ئینگارت ئاشکرایکرد، ئەو بابەتە لەئێستادا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، بەڵام ئەو جۆرە فڕۆکەیە هاوکاری ئۆکرانیا دەکات بۆ گەڕاندنەوە سەروەری و بردنەوەی شەڕەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە 8ـی نیسانی 2023، میکۆلا ئۆلێشچۆک، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، پێدانی فڕۆکەی جەنگی ئێف16 بە ئۆکرانیا رۆڵێکی گرنگی دەبێت و هەڕەشە ئاسمانییەکانی رووسیا لە سەر ژیانی هاووڵاتییانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

ئاشکراشیکرد، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا توانا و چەکی پێویستی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکەی نییە و ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا زۆر لە ئۆکرانیا زیاترە.

هەریەکە لە پۆلەندا و سلۆڤاکیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ فڕۆکەی میگ29 یان رادەستی هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە، بەڵام ئەمەریکا رەتیکردووەتەوە فڕۆکەی ئێف16 بداتە ئۆکرانیا.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.