تیمێکی ئێرانی سەردانی ریاز دەکات

K24 - هەولێر

تیمی تەکنیکی سعوودیە بە سەرۆکایەتی ناسر بن عەوز ئال غەنوم، لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ تارانی پایتەختی ئێران، سەردانی بارەگای باڵیۆزخانەی سعوودیەیان کرد لەو شارە، کە تیایدا گفتوگۆیان سەبارەت بە میکانیزمەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتیی سعوودیە لە ئێران کرد.

نزیکەی دوای مانگێک دوای رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان سعوودیە و ئێران و چین بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان ریاز و تاران، تیمی تەکنیکی سعوودیە چوونە تاران.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردەوە، تیمی سعوودی سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە بۆ پشکنینی باڵیۆزخانەکە چوونەتە شوێنی باڵەخانەکە، ئەمەش رۆژێک دوای دیدار لەگەڵ سەرۆکی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، مەهدی هونەر دۆست، دێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا تیمە تەکنیکییەکەی دەچێتە سعوودیە، بۆ پشکنینی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز، هەروەها بۆ ئامادەکردنی رێکخستنەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران.

عەلی رەزا عینایتی، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری ئەنجومەنی هاوکاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی ئێرنای راگەیاند: شاندی ئێران بەرنامەی سەردانەکەی بۆ سعوودیە بە مەبەستی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەی لە ریاز بۆ سعوودیە دەخاتە روو لە شاری جددە.

عینایەتی روونیشیکردەوە، "راوێژی سەرەتاییمان لەگەڵ سعوودیە ئەنجامدا"، هەروەها تیمی ئێرانی بەسەر دوو گرووپدا دابەشدەکرێت، یەکێکیان لە ریازە و ئەوی دیکەیان بەرەو جددە دەڕوات.

سەبارەت بە وادەی سەردانەکەش گوتی: "پێدەچێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بێت، هەروەها "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ سعوودیە ئەنجامدراوە، گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکاتەوە".